tg-me.com/Henaristani_Bedengi/299
Last Update:
گەڕانەوە
ڕۆژێ لێرە بڕوین
دوور لە باوشی بیرەوەریەکان و
هەناسەی دەلاقەکان
بست بستی ئەم شارە بپێوین
کۆڵانەکانی ترس و
هەنگاوەکانی مەرگ و
حەسرەتەکانی دوور، بەجێ بهێڵین
لەم ڕێگایە؛
پێویستی نیە دەستم بگری!
من هێمای رازاوەی ئاشتیم
تۆ تەنانەت بە دواما ڕێکەوە
ئەم بارمتەی زستانە و
تاراوگەی خەونستانە !
کە دار و دیوار باوش بە مەرگا دەکەن و
چرپەی تەنیایی ئاهەنگی ژیانە
بە جێ بهێڵین
من، لێوی دەروازەکانی جیهانت بۆ دەکەمەوە
سنوورەکان هەڵئەوەشێنم و
کوێرایی گومانت لائەبەم!
ڕوون ،ڕوون دەکەمەوە!
تۆ؛ تەنانەت بە دواما ڕێکەوە
لەم ڕێگایە مەترسە !
هەموو قەڵاکانی درۆ
لە بەر پێت خاپوور ئەبن
ئەفسانەکان ئەسڕێنەوە
ڕاستیەکان کڕنۆشت دەبەن
بەو شەرتەی عەشقم لە دڵت بێت و
باوشت پڕ لە خۆشەویستیم !
لەم ڕێگایە مەترسە!
سێبەری هەر دووکمان یەک پەیکەرە
لە گۆڕەپانی مان و نەمان
تۆ؛ لە شەرێ تایفەکان و
هێرشی وڵاتی دراوسێ و
هێرۆشیما و هەڵەبجە نامری!
لە تەقینەوەی بۆمب و
تیربارانی دوژمەن و
ئاگر و لافاو نامری !
مەرگی تۆ؛ ئەو کاتەیە
لە دڵی من جێگات نەبێت و
چاوم بە دواتا نەفڕێ!
وەرە ؛ من دەستی تۆ دەگرم
چرکەکان هاوپەیمانی منن لەم کاتەدا و
ڕێگای گەڕانەوەش باش دەزانم
لە پشتی گەرەکی دونیا و
شەقامی ئەستێرەکان
دارستانی سێوی
ماڵە کۆنەکەی باوان هەر چاوەڕوانە!
وەرە؛ من دەستی تۆ دەگرم
تا قامکی سارد وسڕی دوودڵی
ببێتە هەتاوی متمانە
ڕێگای گەڕانەوە ڕوونتر بکاتەوە
وەرە؛ من دەستی تۆ دەگرم!
ڕێگای گەڕانەوە باش دەزانم...
✍پ.ڕ.سایدا
@Henaristani_Bedengi
BY هەنارستانی بێدەنگی
Warning: Undefined variable $i in /var/www/tg-me/post.php on line 280
Share with your friend now:
tg-me.com/Henaristani_Bedengi/299