tg-me.com/kurdishNationalism4/47563
Last Update:
🔴سەرنجێکی کورت بۆ ڕەوتی مۆسیقای کوردی لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا
✍دڵزار عابدی
🔺بۆ هەمووان ئاشکرایە مۆسیقا تەنیا ئامرازێکە کە لە ئێستادا هەموو نەتەوەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە کەنداو تا ئاناتۆلی و تۆروس لە دەوری یەکتر کۆ دەکاتەوە. تەنانەت زمان و شیعر و سیاسەتیش ئەو توانایەی لە سازکردنی پێکبەستەیی و یەکگرتوویی نەتەوەیی لە ئاستی خەڵک و کۆمەڵگادا نییە. لە چاو ون نابێت کە پاش سەد ساڵ دابەشکران و داگیرکاری ئێمە هێشتا نەمانتوانیوە لە ژێر هیچ دیسکۆرس و ئایدیۆلۆژی و سیستەم و قەبارەیەکی سیاسی کۆ ببینەوە و یەکدەنگ ببین. لە کاتێکدا کە بکەرییەکی (Agency) یەکگرتووی نەتەوەیی بنیات نەنراوە، تاکە تاڵی یەکگرتوویی بە دەستی کوردەوە مابێت مۆسیقاکەیەتی. هەر بۆیە مۆسیقا لەم دۆخەدا ئیتر تەنیا هونەری جوان نییە بەڵکوو بەشێکە لە شوناسی نەتەوەیی و سەد مخابن تاقە ئامرازی یەکگرتوویی نەتەوەیی، لە کاتێکدا ئامرازەکانی دیکەمان لێ زەوت کراون یان لێ ون بوون.
بەڵام لەم دۆخەی ئێستادا ئەم تاکە کونجی هیوایە چۆن و بە چ شێوازێک پلانی بۆ دادەنرێت و ڕەوتی گەشە و پاشەکشەی لە چ دۆخێک دایە؟
🔺بەردەنگی ئەم دەقە هۆگرانی مۆسیقای کوردستان، دەستەبژێری کورد و هونەرمەندانن. ئەگەرنا ڕوون و ئاشکرایە وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستان و سیاسەتوانانی کولتووری کورد نە ستراتیژی کولتووری ئاوەز دەکەن و نە لە پلان و بەرنامەیاندایە لە گرینگایەتی ئەم ئامرازە جەوهەرییە تێبگەن. بە گشتی وەزارەتی ڕۆشنبیری و دەزگا کولتوورییەکان و میدیاکانی باشووری نیشتمان خەریکی ڕاگرتنی سیما و ڕووکەشن، و لە کاری جددی و قووڵ و ستراتژیک خۆ دەبوێرن. ڕوونە کە نووکی پەرسپێکتیڤی ئەوان ڕووی لە دەرەوەی کوردستانە و دەیانەوێت بە داگیرکەران و بیانییەکان نیشان بدەن تا چ ڕادەیەک مەیدان و ئاگۆرای هونەری کوردستان بۆ ئەوان واڵا دەکەن و تا چ ئاستێک خولیا و هۆگری کولتووری بێگانە و نەیار و ئەویدی کوردن، و ئەوین و خۆشەویستی بۆ هونەر و مۆسیقایان ڕۆدەچێننە نێو کولتووری کوردستانەوە. هەر بۆیە دەبێت یاسینێک بەسەر وەها سیستەمێکی کولتووریدا بخوێنرێت.
لە ئەنجامی هەبوونی وەها سیاسەتێکی کولتووریدا، مێدیا کوردییەکان لە بەلاڕێبردنی عەقڵی سەلیمی کۆمەڵگە ڕۆڵێکی بەرچاویان گرتووەتە ئەستۆ و چەواشەکاری هونەریان پەرە پێ داوە. بە هۆی بانگەشە و پڕوپاگەندەیەک کە بۆ تاقمێکی دیاریکراو لە هونەرمەندان کراوە و دەکرێت، بە گشتی خەڵکی کوردستان لەسەر ئەو باوەڕەن لە ئێستادا ژمارەی بەرهەمهێنانی بەرهەمی مۆسیقایی زۆرترە لە دەیەکانی ڕابردوو. بەڵام بە پێچەوانە بانگەشە و پڕوپاگەندە بۆ بەرهەمەکان زیادی کردووە نەک ژمارەی بەرهەمەکان. هەرچەند کە ئەمە تەنیا زیانی مێدیا کوردییەکان بۆ سەر مۆسیقای کوردی نییە و زیانەکانی مێدیای کوردی بۆ مۆسیقای کوردی خۆی پێویستی بە شیکاری دیکەیە.
🔺لەم ئامارەدا کە لە وێنەکەدا دەیبینن، ئەم دیاگرامە ڕەوتی بەرهەمهێنانی میوزیک بە نیسبەت ساڵی ٢٠١٠ نیشان دەدا و ساڵی ٢٠١٠ بە بناغە وەرگیراوە. ئەگەرچی ساڵی ٢٠١٠ش بە نیسبەت پێداویستی کۆمەڵگەی ٥٠ ملیۆن کەسی کوردستان، ئەم ئاستە لە بەرهەمهێنانی هونەری شامی شەریف نەبوو بەڵام بۆ ئەم شیکارییە ئەم قۆناخە بە بنەما دەگیرێت.
بەگشتی بەرهەمهێنانی میوزیک لە ١٠ ساڵی ڕابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. لەم ڕەوتەدا کە لە وێنەکەدا دەیبینن ژمارەی میوزیک لە ساڵی ٢٠٢٠ بە نیسبەت ساڵی ٢٠١٠، ٨٨% دابەزیوە. لە ساڵی ٢٠١٠دا ٥٠ ئەلبووم و لە ساڵی ٢٠١٢دا ٤٤ ئەلبووم بەرهەم هاتووە بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٠دا تەنیا ٦ ئەلبووم بەرهەم هاتووە. هەرچەند ئەم دیاگرامە تەنیا ڕەوتی بەرهەمهێنانی ئەلبووم نیشان نادات و ئاماژەیە بە تەواوی بەرهەمەکان.
🔺ڕەنگە وەها ئارگیومێنتی بکرێت کە باوی ئەلبوومی نەماوە و ناتوانرێت بە بنەما بگیرێت، بەڵام لە حەقیقەتدا ئەو بۆچوونە هەڵەیە و هێشتا لە هەموو دونیا بەرهەمهێنانی ئەلبووم درێژەی هەیە و هێشتا پێوەری سەرەکییە لە پێوانی بەرهەمهێنانی مۆسیقایی وڵاتێک. کاتێک بەرهەمهێنانی ئەلبوومی دادەبەزێت، چالاکی ڕاستەقینەی کولتووری لە بواری هونەرییەوە دادەبەزێت و قەیران ساز دەبێت. هەروەها کێشەی کۆپی کردنی ئەڵبووم و نەکڕینی لە لایەن خەڵکەوە و چارەسەر نەکردنی یاساکانی کۆپی ڕایت، نیشاندەری دۆخی قەیراناوی میوزیکی کوردییە.
بێجگە لە دابەزین یان باشتر بڵێین ڕسیانی بەرهمهێنانی میوزیکی کوردی، دەیان گۆرانیبێژ و ژەنیار بە شێوازی ڕاناگەیندراو دەستیان لە کار کێشاوەتەوە و دەیان ستۆدیۆ داخراون و مێدیاکانیش پێ و شوێنیان ناگرن و پشت گوێیان دەخەن.
درێژەی بابەتەکە لە خوارەوە👇👇👇👇👇👇👇👇👇👇👇
BY ناسیونالیسم کوردی
Warning: Undefined variable $i in /var/www/tg-me/post.php on line 280
Share with your friend now:
tg-me.com/kurdishNationalism4/47563