tg-me.com/lawlaw1400/983
Last Update:
لێم دەپرسێ شێعر چییە؟
هێندە ئەم پرسیارە لەوسەم جواب داوەتەوە، هێندە گریمانە و مانیفێست و پێناسەی گەورەنووسران و لێکۆلەڕانم پێن پێی بڵێم، بەڵام بێدەنگەی لێدێنم و دەڕۆم.
ئێستێ نیوەشەوە، دەڵێم بڵێم! لەوانەیە تا ئەم نووسراوەیە بە ئاخر و ئۆخریی خۆی بگا، ببێتە سیوادی بەیانی.
بیر لەم ساڵانە دەکەمەوە کە خۆم لە بەحری بێبنی ئەدەبیات بە تایبەت شێعری کوردی هاویشت. ئەو هەستانەی وا درکاندمن و چاک و خراپ نووسیمن، ئەوانەی وا سەرکوتم کردن نەمهێشت بگوورێن. ڕەنجەکانی لەم ماوەیەدا بە دەست هۆگران و دژەشاعیرانەوە چێژتم، بارەقەڵڵاکانی وا نەبوونە باڵ و بوونە وەباڵی ئەستۆی شێعر و نووسراوەکانم، بنەماڵەی دووهەمم وەک بنەماڵەی ئەدەبیم.
وەباڵ بە ئەستۆم هێندی هەموو هەناسەکانی گشت ساڵەکانم ئەزموونی چاک و خراپ خڕ کردۆتەوە. ئێستێ ماومەتەوە چی وەپێش چی خەم و کام ئەزموونم لەسەرەتاوە بنووسم؟
من بەشەرێکی سەربزێو، سەرشێت، سەرەڕۆی پڕ سەربهوردەی سەمەرە، هەر چۆنی هەم هەر ئاوهام و هەرگیز حەولم نەداوە ئەوەی نیم لە خۆوە خۆ نیشان دەم. ئەمشەو شاعیرێکی دیکە مرد، نێوی چی بوو؟ بۆم فەرقیش دەکا؟...
بیر لە خۆم دەکەمەوە شاعیری بۆ وایە؟ شێعر کامە سێحرە کە لێی هیلاک نابی، کە بکێشت دەکا و پەلکێشت دەکا و سەر لە سەر و دڵ لە دڵت ناکاتەوە.
بۆ هەر کەس پێناسەی شێعر شتێکە هەرچەند دەیان پێناسەی زانستی و نازانستی شێعرم بیستووە بەڵام شێعر وەک مەفهوومێکی ئینتزاعی بۆ هەر کەسەوە پێناسەیەکی هەیە. هەڵبەت ئەو بەشەی وا وەک فەن و زانستی شێعر و تکنیک و... جیایە، ئەوی دیکەی بۆ هەر کەسەو شتێکە. بۆ من هەناسەیە. هەناسەیەک کە جاری وایە دەمخاتە تەنگەژەوە، جاری واشە ختووکەی هەناوم دەدا، جاری وایە خەنیم دەکا و جاری واشە غەنیمی نایەم و تەپ دەداتە سەرم و بزگوڕ بزگوڕم دەکاتن. بەڵام بە هەموو ئەوانەوە ئاخری دوای ئەو هەموو ساڵە، ئەم هەموو نەهامەتیانە، ئەم هەموو ئەزموونە خۆش و ناخۆشە، تەنیا پێناسەم بۆ شێعر کورت و کورمانجی ئەوەیە: ئەوینی هەتاهەتاییم.
ئەوینێکی کە لە جۆری ئەوینی مرۆڤ نییە و هەرچەندێکت ئێش بە هەناوان بگەیەنێ و چاوت پێ کز کات، بارتەقای ئەوەیش ئارامشت و هێمنیت دەداتەوە.
لەیلا بەهرامبەگی "لاولاو"
https://www.tg-me.com/us/������������/com.lawlaw1400
BY لاولاو
Share with your friend now:
tg-me.com/lawlaw1400/983