tg-me.com/Armit4/20704
Last Update:
ڕاستگۆ دەبم، ئەهریمەنەکان لێرەوە تێپەڕین و لێرە پلانی شادییەکی ناکۆتایان دانا. دانی پیادەنێم من وەچەی ئەو هەناسانەم کە لە غەریزە بەدەکانەوە دروستبوونە. ڕێگەم بدە خۆمت بۆ شیکار بکەم، ئەوەی بینیوتە نەخشەیەک بووە لە خورافاتی فریشتەکان… دەبێت پێت بڵێم خوێنی چەند شازادەم پێشکەش بە تارماییەکانی جەهەنەم کردووە و چەند جار بە بەهارم وتووە «لێرە کەس چاوەڕێی تۆ ناکات.» نکۆڵی لێ ناکەم من کوڕی ئەو ساتەنەم کە بە مەرگی گیاکانەوە لە دایک بوومە، من لە ڕەگەزی ئەو وشانەم کە کتێبەکانت ژەهراوی دەکەن. دەمەوێت دەربارەی گوناهەکانم قسەت بۆ بکەم، پێت بڵێم هەرگیز من یەک بەش نەبووم بەڵام تۆ تەنها یەک بەشی منت دیوە. تۆ نازانیت، ڕەنگە گەردونیش گرینگی پێ نەدات، بەڵام دەبێت ئاشکرای بکەم کە چەند جار لەسەر ئەو سفرانە ئامادەبوومە کە جەهەنەمی مۆسیقارەکانی تێدا نەخشکراوە، گوڵەکان تێیدا مەرگیان ناسیوە، ڕووناکی بە سێبەر ئاشنا بووە، جەستە شمشێری بینیوە. دەبوو لەوێبم کاتێک نەخشەی گەردونێک دەکێشرێت کە ئاسمانێکی نییە بۆ پاساریەکان، شەپۆڵێکی نییە جریوەی بولبولی پێدا تێپەڕێت، فریشتەیەکی لێ نییە ئامۆژگاری غەریزەکان بکات، ڕووبارێکی نییە گوناهەکان بشواتەوە… ڕاستگۆ دەبم لەگەڵت، من سەر بەو بەفرەم کە خەیاڵ دادەپۆشێت، ئەو ڕوخسارانە دەکوژێت کە نیوەکەی تری منی تێدایە، ئەو نیوەیەی کە تۆ بینیوتە.
BY سـاخـتە
Warning: Undefined variable $i in /var/www/tg-me/post.php on line 280
Share with your friend now:
tg-me.com/Armit4/20704