tg-me.com/lawlaw1400/1473
Last Update:
دەستم کە بڕۆیبایە خودا ئاسایی
گەردوونێ ترم دەخستە ڕوو سانایی
بەدبەختی بەشی نەزان و نامەردان با
دڵخۆشیم دەدا بەرانبەری زانایی
"هەژار"
دیسان ژیان دەرووی وەرزێکی لێ کردینەوە کە هەرچی گیا و گۆڵە سەربزێوانە دەمیان بە خاکەوە ناوە و تەقەللای ڕسکانییانە. جووڵە و ورە و وزەی بوونەوەران بەلامەوە پەیامدەرە. پەیامێک کە دەبێ بە پڕتاو وەریگرین، بیسەلمێنین و لە کاری کەین: تا هەن هەبن!
وێڕای ڕێز و سڵاو و سپاس لە سەرجەم ئێوەی ئازیز کە دڵم لاتانە و هۆشم مەکۆتان. داوای لێبوردنم هەیە کە نەکرا بگەمە لاتان.
چەند ساڵێک لەو ڕۆژە تێپەڕی کە هاتمە ماڵی ئەنجومەنی ئەدەبیی نەغەدە و دەرکی هاوڕێیەتی و ئەزموون و زانستی ئێوەی ئازیزم بە ڕوو کراوە. ئیتر چەندەم لەو زانست و ماریفەت و هاوڕێیەتییە فام کردبێ و گلم دابێتەوە، ئەگەر کەم بێ نیشانی تەوەزەلی خۆمە و ئەگەریش زۆر، هێمای لوتفی ئێوە.
مانەوەم لێرە نیشانێکە لە خەمخۆری و پەیجووری و شێلگیریتان بەرانبەر نەتەوە و ئەدەب و ویژەی گەلمان. بمێنن بۆم و بۆمان کە هەر ئەم نیوەنووزەی زمانەش بە ئێوەوە ماوە.
پار ئەو وەختەی ساڵ کە کۆ بووینەوە یەکەم کەڵکەڵەم نەبوون و کاڵبوونی خاتوونان لەم ئەنجومەنەدا بوو. بەشێک لەم کەڵکەڵەیە دانێن بۆوەی خۆم ژنم و نکۆڵی لە گرژدمارییە سروشتییەکانم ناکەم کە هەمبەر ئەم بابەتە هەمە، بەشێکیشی دەگەڕێتەوە ئەوەی کە تێگەییوم و پێگەییوم کە کرچبوونی ژنان لەم بوارەدا کاڵبوونەوەی هاتنەمەیدانی ڕۆڵەکانی بەرەی نوێمانی پێوەیە. کە وابێ ڕێز دەگرم لە هەر پڕۆسەیەک کە ئەم کەڵکەڵەم بۆ کەم کاتەوە و بۆی تێدەکۆشم و تێدام لەو گەڵاڵانەشدا کە خاتوونانم بۆ بێنێتە بەرەی مەیدانی زانست و زمان و وێژەی کوردییەوە.
دەزانم پێشنیارییەکانی ئەم کۆبوونەوەش زۆر و بەپێزن و با من لەم دورەوە لەوە زیاتر لەسەری نەڕۆم.
شان دەدەمە بەر ئەو ئەرکە پیرۆزانەی وا بۆم دابین دەکەن و لەگەڵتانم.
لەیلا بەهرامبەگی "لاولاو"
ڕەشت سەرەتای ۲۷۲۴ی کوردەواری.
BY لاولاو
Warning: Undefined variable $i in /var/www/tg-me/post.php on line 280
Share with your friend now:
tg-me.com/lawlaw1400/1473