tg-me.com/lawlaw1400/982
Last Update:
چیرۆکی منداڵان
ناوی چیرۆک: دە هاوڕێ و دوو دەستەوانە
نووسەر: لەیلا بەهرامبەگی "لاولاو"
چەند ڕۆژە بەفر دەبارێ. ڕۆژ ڕۆژی شەڕەتۆپەڵە و خلیسکێنە.
بەڵام "تووتە" زۆر وەڕەزە. ئاخر خۆ بە تەنیا ناتوانێ شەڕەتۆپەڵە بکات. هەر بۆیە بە براکەی "براتووتە" دەڵێ: کاکە! دێی بچین بۆ ماڵی زەڕنەقووتە بزانین بەو بەفر و سەرمایە چی دەکا؟
"تووتە" و "براتووتە" چوونە ناو دوو قامکی دەستەوانەکەی وا داپیرە دوێنێ چنیبووی و وەڕێ کەوتن بۆ ماڵی "زەڕنەقووتە".
"زەڕنەقووتە" لە ماڵێ بوو و لەگەڵ "دۆشاومژە" دانیشتبوون بەفر و دۆشاویان دەخوارد. بە دیتنی "تووتە" و براتووتە زۆر شاد بوون و هەر چواریان لە دەوری کورسییەکەی بەر پەنجەرە دانیشتن. لەو کاتەدا "ئەسپێکوژەیان" دیت کە لەو بەفرەدا هاواری دەکرد
ئەسپێ! هۆ ئەسپێ! مەچۆ نێو ئەو بەفرەوە. ڕەق هەڵدێی لە سەرمان. ئەو نێوەیان لەخۆڕا لە من ناوە. زەمانی قەدیم باب و باپیرانم ئەسپێیان دەکوشت. من کارم بە تۆ نییە. وەرە بۆخوت بچۆوە ناو گوڵە کامواکانی وا داپیرە خەریکە دەستەوانەی ژمارە دوویان پێدەچنێ، خۆت گەرم کەوە. منیش لەگەڵ ئەو چوار هاوڕێیەم دەچینە لینگی ژمارە یەکەوە و ساز دەبین بۆ شەڕە تۆپەڵە.
ئەسپێ بە ترسەوە، بەلەرزەوە، وەڕێکەوت بۆ لای داپیرە.
پێنج هاوڕێکانیش چوونە نێو دەستەوانەی ژمارە یەکەوە. بەڵام ئەوان پێویستیان بە پێنج هاوڕێی دیکەش بوو. ئاخر کایەی شەڕەتۆپەڵە دە یاریزان و دوو دەستەوانەی پێویست بوو. هەر بۆیە بڕیاریان دا چەند ڕۆژی دیکەش چاوەڕێ بن تا داپیرە دەستەوانەی ژمارە دووش تەواو دەکا.
من و منداڵانی ناو چیرۆکەکانیش ئاواتەخوازین تا ئەودەم بەفر لێی نەکاتەوە و ئەو دە هاوڕێیە پەکی شەڕەتۆپەڵەکەیان نەکەوێ!
https://www.tg-me.com/us/������������/com.lawlaw1400
لەیلا بەهرامبەگی "لاولاو"
BY لاولاو
Share with your friend now:
tg-me.com/lawlaw1400/982